Add parallel Print Page Options

کۆکراوەی بەشی پێنجەم

زەبوورەکانی 107‏–150

107 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
    خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

با ئەوانەی یەزدان کڕینیەوە بەسەرهاتی خۆیان بگێڕنەوە،
    ئەوانەی لە دەستی دوژمن کڕینیەوە،
لە وڵاتانەوە کۆی کردنەوە،
    لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە باکوور و باشوورەوە.

هەندێک گومڕابوون لە چۆڵەوانی، لە بیابان،
    ڕێگایان بۆ شاری نیشتەجێبوونیان نەدۆزییەوە.
برسی و تینوو بوون،
    گیانیان داهێزرا.
ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،
    ئەویش لە ناخۆشییەکانیان دەربازی کردن.
ڕابەرایەتی کردن بۆ ڕێگای ڕاست،
    بۆ ئەوەی بچن بۆ شاری نیشتەجێبوون.
با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی،
    بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،
چونکە گیانێکی تینووی تێرکرد،
    گیانێکی برسی پڕکرد لە چاکە.

10 هەندێک لە دانیشووانی تاریکی و سێبەری مەرگ،
    دیلیێتی ئازار و ئاسن،
11 چونکە لە قسەکانی خودا یاخی بوون،
    سووکایەتییان بە ڕاوێژی هەرەبەرز کرد.
12 لەبەر ئەوە پشتیان لەژێر باردا چەمایەوە،
    کەوتن و کەس نەبوو یارمەتییان بدات.
13 ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،
    ئەویش لە ناخۆشییەکانیان ڕزگاری کردن.
14 لە تاریکی و سێبەری مەرگ دەریهێنان،
    کۆت و زنجیرەکانی پچڕاندن.
15 با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی،
    بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،
16 چونکە دەروازەی بڕۆنزی تێکشکاند،
    شیشە ئاسنەکانی شکاند.

17 هەندێک بوونە گێل و لە ڕێگای یاخیبوونیان و
    لە گوناهەکانیان تووشی ناخۆشی دەبن.
18 قێزیان لە هەموو خواردنێک بووەوە،
    لە دەروازەکانی مەرگ نزیک بوونەوە.
19 ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،
    ئەویش لە ناخۆشییەکانیان ڕزگاری کردن.
20 فەرمایشتی خۆی نارد و چاکی کردنەوە،
    لە فەوتان دەربازی کردن.
21 با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی،
    بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،
22 با قوربانی سوپاسگوزاری بکەن،
    بە هەلهەلەوە باسی کردارەکانی بکەن.

23 هەندێک بە کەشتی دابەزینە ناو دەریا،
    ئەوانەی لە دەریای گەورە بازرگانییان دەکرد.
24 ئەوان کارەکانی یەزدانیان بینی،
    کارە سەرسوڕهێنەرەکانی لە قووڵایی.
25 بە قسەی ئەو ڕەشەبا هەستا،
    شەپۆلەکانی بەرزکردەوە.
26 بەرز دەبنەوە بۆ ئاسمان، دادەبەزنە ناو قووڵاییەکان،
    گیانیان لە مەترسی دەتوێتەوە.
27 وەک سەرخۆش سەرسم دەدەن و بە ئەملا و ئەولادا دەکەون،
    نازانن چی دەکەن.
28 ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،
    ئەویش لە ناخۆشییەکانیان دەربازی کردن.
29 ڕەشەبای هێدی کردەوە بۆ ئارامی،
    شەپۆلەکانی بێدەنگ کرد.
30 دڵخۆش بوون، چونکە شەپۆلەکان هێمن بوونەوە،
    گەیاندیانی بەو بەندەرەی دەیانویست.
31 با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی،
    بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،
32 لەناو کۆڕی خەڵک بەرزی بکەنەوە،
    لە ئەنجومەنی پیرەکان ستایشی بکەن.

33 ڕووباری کردە بیابان و
    سەرچاوەی ئاوەکانی کردە زەوی تینوو،
34 خاکی بە پیتی کردە زەوی بێ کەڵک،
    لەبەر خراپەی ئەوانەی تێیدا دانیشتبوون.
35 بیابانی کردە گۆمە ئاو و
    زەوی وشکی کردە سەرچاوەی ئاوەکان.
36 برسییەکانی لەوێ نیشتەجێ کرد،
    شاری نیشتەجێبوونیان دامەزراند.
37 کێڵگەیان چاند و ڕەزەمێویان ڕواند،
    دەغڵیان بە بەروبووم بوو.
38 بەرەکەتداری کردن و زۆر زیاد بوون،
    ئاژەڵی ئەوانی کەم نەکردەوە.

39 ئینجا کەم بوونەوە و چەمانەوە،
    لەژێر باری خراپەکاری و ناخۆشی.
40 ئەوەی ڕیسوایی بەسەر میرەکاندا دەڕێژێت،
    لە چۆڵەوانییەکی بێ ڕێگا گومڕای کردن.
41 بەڵام هەژاری لە زەلیلی بەرز کردەوە،
    بنەماڵەی ئەوانی وەک ڕانە مەڕ لێکرد.
42 سەرڕاستەکان ئەمە دەبینن و دڵخۆش دەبن،
    هەموو خراپەیەک دەمی دەگیرێت.

43 کێ دانایە، با سەرنج بداتە ئەمانە و
    لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی یەزدان تێبگات.

گۆرانییەک. زەبوورێکی داود.

108 ئەی خودایە، دڵم چەسپاوە،
    بە هەموو گیانم سروود دەڵێم و مۆسیقا دەژەنم.
ئەی ساز و قیسارە، هەستن!
    من بەرەبەیانان هەڵدەستم.
ئەی یەزدان، لەنێو گەلان ستایشت دەکەم،
    لەنێو نەتەوەکان گۆرانیت بۆ دەڵێم،
چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت مەزنە، لە ئاسمان بەرزترە،
    دڵسۆزیشت لە هەورەکان.
ئەی خودایە، بەسەر ئاسماندا بەرزببەوە،
    با شکۆی تۆ بەسەر هەموو زەوییەوە بێت.

بە دەستی ڕاستت دەربازمان بکە و یارمەتیمان بدە،
    بۆ ئەوەی خۆشەویستانت ڕزگاریان بێت.
خودا لە پیرۆزگاکەی خۆیەوە فەرموویەتی:
    «بە هاواری خۆشییەوە شەخەم دابەش دەکەم و
    دۆڵی سوکۆت[a] دەپێوم.
گلعاد هی منە، مەنەشەش هی منە،
    ئەفرایم کڵاوی منە،
    یەهودا[b] داری دەسەڵاتی منە.
مۆئاب[c] دەستشۆرمە،
    پێڵاوەکەم فڕێدەدەمە سەر ئەدۆم،
    لەسەر فەلەستیە هاواری سەرکەوتن دەکەم.»

10 کێیە دەمباتە شاری قەڵابەند؟
    کێیە پێشڕەویم دەکات بۆ ئەدۆم؟
11 ئەی خودایە، مەگەر تۆ نیت کە ئێمەت ڕەت کردووەتەوە و
    ئیتر لەگەڵ لەشکرەکانمان دەرناچیت؟
12 یارمەتیمان بدە بەرامبەر بە دوژمنەکە،
    چونکە ڕزگاری لە مرۆڤەوە پووچە.
13 لەگەڵ خودا سەرکەوتن بەدەستدەهێنین،
    هەروەها ئەوە دوژمنەکانمان دەخاتە ژێر پێ.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.

109 ئەی خودایە، ئەوەی ستایشت دەکەم،
    بێدەنگ مەبە،
چونکە دەمی بەدکار و دەمی فریودەر لێم کراونەتەوە،
    بە زمانی درۆ قسەم لەسەر دەکەن.
بە قسەی ڕقەوە دەوریان گرتووم،
    بەبێ هۆ لە دژم دەجەنگن.
لە جیاتی خۆشەویستییەکەم دژایەتیم دەکەن،
    بەڵام من تەنها نوێژم کردووە.
لە پاداشتی چاکە خراپەم لەگەڵ دەکەن،
    ڕقیش لە پاداشتی خۆشەویستیم.

بەدکارێکی لەسەر دابنێ،
    با سکاڵاکار لەلای دەستە ڕاستی ڕاوەستێت.
با لە دادگایی تاوانبار بکرێت،
    پاڕانەوەی ببێت بە گوناه بۆی.
با ڕۆژگاری کورت بێت،
    یەکێکی دیکە ئەرکەکەی ئەو وەربگرێت!
با کوڕەکانی هەتیو بن،
    ژنی بێوەژن بێت.
10 با کوڕەکانی سەرگەردان بن و سواڵ بکەن،
    لە ماڵە کاولەکانیان دەربکرێن.
11 با هەرچی هەیەتی خاوەن قەرز بیبات،
    بێگانەش بەری ڕەنجی تاڵان بکەن.
12 با کەس نەبێت دەستی خۆشەویستی بۆ درێژ بکات،
    کەس نەبێت دڵی بە هەتیوەکانی بسووتێت!
13 با نەوەکانی ببڕێتەوە،
    ناوی لە نەوەی داهاتوو بسڕێتەوە!
14 با تاوانەکانی باوباپیرانی بخرێنە بەردەم یەزدان،
    با گوناهەکانی دایکی نەسڕێنەوە!
15 با هەمیشە لەبەردەم یەزدان بن
    هەتا یادیان لەسەر زەوی ببڕێتەوە!

16 لەبەر ئەوەی بیری نەکردەوە کە خۆشەویستی نەگۆڕ بنوێنێت،
    بەڵکو کەسی هەژار و نەدار و دڵشکاوی ڕاوناوە و کوشتووە.
17 حەزی لە نەفرەت لێکردن بوو،
    با بۆی بێت!
    دڵشاد نەبوو بە داوای بەرەکەت بۆ کردن،
    با لێی دووربکەوێتەوە!
18 نەفرەتی وەک کراس لەبەرکردبوو،
    وەک ئاو چووە ناو لەشی،
    وەک ڕۆن چووە ناو ئێسقانەکانی.
19 با وەک بەرگێک بێ لە خۆی بیپێچێتەوە،
    هەمیشە وەک پشتێنێک بێ لە خۆی بیبەستێت!
20 با ئەمە کرێی یەزدان بێت بۆ سکاڵاکارانم،
    ئەوانەی بە خراپە لە دژی من دەدوێن.

21 بەڵام تۆ ئەی یەزدانی پەروەردگار،
    لە پێناوی ناوی خۆت چاکەم لەگەڵ بکە،
    دەربازم بکە چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چاکە.
22 لەبەر ئەوەی من هەژار و نەدارم،
    دڵم لە ناخمدا بریندارە.
23 وەک سێبەری ئێوارە دەڕۆم،
    وەک کوللە هەڵدەوەرێم.
24 ئەژنۆم شل بووە لەبەر ڕۆژووگرتن،
    لەشم لاواز بووە لە کەمی چەوری.
25 بووم بە سووکایەتی بۆیان،
    دەمبینن سەر بادەدەن.

26 ئەی یەزدان، خودای من، یارمەتیم بدە،
    بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت ڕزگارم بکە.
27 با بزانن کە ئەمە دەستی تۆیە،
    ئەی یەزدان، کە تۆ ئەمەت کردووە.
28 ئەوان نەفرەت دەکەن، بەڵام تۆ بەرەکەت دەدەیت،
    هەستان و شەرمەزار بوون،
    بەڵام خزمەتکاری تۆ دڵخۆش بوو.
29 با سکاڵاکارانم بەرگی نامەردی بکەنە بەر،
    با شەرمەزاری وەک کەوا لە خۆیان بئاڵێنن.

30 بە دەمی خۆم زۆر سوپاسی یەزدان دەکەم،
    لەنێو خەڵکێکی زۆر ستایشی دەکەم.
31 چونکە ئەو لە دەستە ڕاستی نەدار ڕادەوەستێت،
    بۆ ڕزگارکردنی لەوانەی حوکمی بەسەردا دەدەن.

زەبوورێکی داود.

110 یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو:

    «لە دەستەڕاستم دابنیشە،
    هەتا دوژمنانت دەکەمە تەختەپێ[d] بۆ پێیەکانت.»

یەزدان لە سییۆنەوە هێز و دەسەڵاتەکەت فراوان دەکات،
    لەناو دوژمنەکانت فەرمانڕەوایەتی دەکەیت.
گەلەکەت لە ڕۆژی هێزت خۆیان پێشکەش دەکەن،
    بە ئاراییشتێکی پیرۆزەوە لە منداڵدانی بەرەبەیانەوە،
    تۆ شەونم لە گەنجییەتیت وەردەگریت.

یەزدان سوێندی خواردووە و بڕیاری ناگۆڕێت:
    «هەتاهەتایە تۆ کاهینیت لە پلەی مەلکیسادق[e]

پەروەردگار لەلای دەستە ڕاستی تۆیە،
    لە ڕۆژی تووڕەییەکەی پاشایان وردوخاش دەکات.
لەنێو نەتەوەکان حوکم دەدات، خاکیان پڕ دەکات لە تەرم،
    سەرۆکەکان لەسەر هەموو زەوی وردوخاش دەکات.
پاشا لە جۆگەی دەم ڕێگا دەخواتەوە،
    لەبەر هەموو ئەمانە سەری بەرز ڕادەگرێت.
111 هەلیلویا!

بە هەموو دڵەوە ستایشی یەزدان دەکەم،
    لە ئەنجومەنی سەرڕاستان و لە کۆبوونەوەکان.

کردارەکانی یەزدان مەزنن،
    هەموو ئەوانەی لێی ورد دەبنەوە خۆشی لێ دەبینن.
بەرز و شکۆمەندە کردارەکانی،
    ڕاستودروستییەکەشی هەتاهەتایە چەسپاوە.
وای کردووە کارە سەرسوڕهێنەرەکانی یاد بکرێنەوە،
    یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە.
خواردن دەداتە ئەوانەی لێی دەترسن،
    هەمیشە پەیمانی خۆی لەبیرە.

هێزی کردارەکانی خۆی نیشانی گەلەکەی داوە،
    بەوەی کە میراتی نەتەوەکانی پێداون.
کردارەکانی دەستی دڵسۆزی و دادپەروەرییە،
    ڕێنماییەکانی جێی متمانەن،
هەتاهەتایە چەسپاون،
    بە دڵسۆزی و سەرڕاستی دروستکراون.
کڕینەوەی بۆ گەلی خۆی نارد،
    فەرمانی هەتاهەتایی بۆ پەیمانەکەی داوە،
    پیرۆز و سامناکە ناوی.

10 لەخواترسی سەرەتای داناییە،
    تێگەیشتنێکی باشە بۆ هەموو ئەوانەی کار بە ڕێنماییەکانی دەکەن.
    ستایشەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە.
112 هەلیلویا!

خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی لە یەزدان دەترسێت،
    بە ڕاسپاردەکانی زۆر دڵخۆشە.

وەچەی لەسەر زەوی بەهێز دەبن،
    نەوەی سەرڕاستان بەرەکەتدار دەبن.
سامان و دەوڵەمەندی لە ماڵیەتی،
    ڕاستودروستییەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە.
لە تاریکیدا ڕووناکی بۆ سەرڕاستان درەوشایەوە،
    بۆ ئەوانەی کە میهرەبان و بە بەزەیی و ڕاستودروستن.
چاک دەبێت بۆ ئەو کەسەی کە دڵفراوانە و قەرز دەدات،
    بە دادپەروەرییەوە ئیشوکاری خۆی ڕادەپەڕێنێت.

بێگومان پیاوچاک هەتاهەتایە نالەقێت،
    هەتاهەتایە یادی دەکرێتەوە.
لە بیستنی هەواڵی خراپ ناترسێت،
    دڵی پتەوە، پشتی بە یەزدان بەستووە.
دڵی چەسپاوە و ناترسێت،
    هەتا سەرکەوتووانە دەڕوانێتە دوژمنەکانی.
بە دڵفراوانییەوە بە هەژارانی بەخشیوە،
    ڕاستودروستییەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە،
    بە ڕێزەوە شکۆمەندییەکەی بەرز دەبێتەوە.

10 بەدکار ئەمە دەبینێت و بێزار دەبێت،
    ددانەکانی جیڕدەکاتەوە و دەتوێتەوە،
    ئارەزووی بەدکاران لەناودەچێت.
113 هەلیلویا!

ئەی بەندەکانی یەزدان، ستایشی بکەن،
    ستایشی ناوی یەزدان بکەن.
با ستایشی ناوی یەزدان بکرێت،
    لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.
لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا،
    با ستایشی ناوی یەزدان بکرێت.

یەزدان لەسەر هەموو نەتەوەکان بەرزە،
    شکۆمەندی بەسەر ئاسمانەوەیە.
کێ وەک یەزدانی پەروەردگارمانە،
    ئەوەی لە ئاسمان دانیشتووە،
ئەوەی دەچەمێتەوە
    هەتا بڕوانێتە ئاسمان و زەوی؟

ئەو هەژار لەناو خۆڵ ڕاست دەکاتەوە،
    کڵۆڵ لەناو زبڵخانە بەرز دەکاتەوە،
بۆ ئەوەی لەگەڵ میران داینیشێنێت،
    لەگەڵ میرانی گەلی خۆی.
ئافرەتی نەزۆک دەکاتە خاوەن ماڵ،
    دەیکاتە دایکێکی شادمان لەنێو منداڵانی.

هەلیلویا!
114 کاتێک ئیسرائیل لە میسر هاتنە دەرەوە،
    بنەماڵەی یاقوب لەنێو گەلێکی نامۆ زمان دەرچوون،
یەهودا بووە پیرۆزگای خودا،
    ئیسرائیل بووە جێی فەرمانڕەوایەتی.

دەریا بینی و هەڵات،
    ڕووباری ئوردون بەرەو پاش کشایەوە.
چیاکان وەک بەران بازیان دا،
    گردەکان وەک بەرخۆلە.

چیتە ئەی دەریا، بۆ وا هەڵدێیت؟
    ئەی ئوردون، بۆ بەرەو پاش دەکشێیتەوە؟
ئەی چیاکان، بۆ وەک بەران باز دەدەن؟
    ئەی گردەکان، بۆ وەک بەرخۆلە باز دەدەن؟

ئەی زەوی لەبەردەم پەروەردگار بلەرزە،
    لەبەردەم خودای یاقوب،
ئەوەی بەردی کرد بە گۆمی ئاو،
    بەردەئەستێی کردە کانیاو.
115 بۆ ئێمە نا، ئەی یەزدان، بۆ ئێمە نا،
    بەڵکو بۆ ناوی خۆت شکۆ ببەخشە،
    لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دڵسۆزییەکەت.

بۆچی نەتەوەکان بڵێن:
    «کوا، خودایان لەکوێیە؟»
خودامان لە ئاسمانە،
    هەرچی حەز بکات، دەیکات.
بتەکانیان زێڕ و زیون،
    دەستکردی مرۆڤن.
دەمیان هەیە، بەڵام قسە ناکەن،
    چاویان هەیە، بەڵام نابینن،
گوێیان هەیە، بەڵام نابیستن،
    لووتیان هەیە، بەڵام بۆن ناکەن،
دەستیان هەیە، بەڵام دەست لە هیچ نادەن،
    پێیان هەیە، بەڵام ناڕۆن،
    دەنگ لە گەروویان نایەتە دەرەوە.
دروستکەرەکانیان وەک ئەوان دەبن،
    هەروەها هەموو ئەوانەش کە پشتیان پێ دەبەستن.

ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، پشت بە یەزدان ببەستن.
    ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.
10 ئەی بنەماڵەی هارون، پشت بە یەزدان ببەستن.
    ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.
11 ئەی ئەوانەی لەخواترسیتان لە دڵدایە، پشت بە یەزدان ببەستن.
    ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.

12 یەزدان ئێمەی لەبیرە و بەرەکەتدارمان دەکات،
    بەرەکەت بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەبەخشێت،
    بەرەکەت بە بنەماڵەی هارون دەبەخشێت.
13 بەرەکەت بەوانە دەبەخشێت کە لەخواترسییان لە دڵدایە،
    گەورە و بچووکیش.

14 با یەزدان هەر زیادتان بکات،
    ئێوە و منداڵەکانتان.
15 با ئێوە بە یەزدان بەرەکەتدار بن،
    دروستکەری ئاسمان و زەوی.

16 ئاسمان ئاسمانی یەزدانە،
    زەویشی بە ئادەمیزاد بەخشیوە.
17 نە مردووان ستایشی یەزدان دەکەن،
    نە هەموو ئەوانەی شۆڕ دەبنەوە ناو بێدەنگی،
18 بەڵام ئێمە ستایشی یەزدان دەکەین،
    لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.

    هەلیلویا!
116 یەزدانم خۆشدەوێت،
    چونکە گوێ لە دەنگ و لە پاڕانەوەم دەگرێت،
چونکە گوێی خۆی بۆم شل کرد،
    هەتا ماوم هەر لێ دەپاڕێمەوە.

تۆڕی مەرگ دەوری دام،
    ناخۆشی جیهانی مردووان کەوتە سەرم،
    دەرد و تەنگانەم چێژت.
بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە:
    «ئەی یەزدان، تکات لێ دەکەم، گیانم دەرباز بکە!»

یەزدان میهرەبان و ڕاستودروستە،
    خودامان بە بەزەییە.
یەزدان چاودێری خەڵکی ساکار دەکات،
    کاتێک زەلیل بووم، ئەو ڕزگاری کردم.

ئەی گیانی من، بگەڕێوە بۆ ئارامی خۆت،
    چونکە یەزدان چاکەی بەسەرتدا باراند.

تۆ گیانی منت لە مردن ڕزگار کرد،
    چاوەکانم لە فرمێسک،
    پێیەکانم لە خزان،
تاکو دۆستایەتی یەزدان بکەم
    لە خاکی زیندووان.

10 باوەڕم کرد، بۆیە قسەم کرد:
    «من زۆر دەردەدارم!»
11 من لە کاتی تۆقینەکەمدا، گوتم:
    «مرۆڤ هەموو درۆزنن!»

12 چی بدەمەوە یەزدان،
    بەرامبەر هەموو چاکەکانی بۆ من.

13 جامی ڕزگاری بەرز دەکەمەوە و
    بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە.
14 نەزرەکانم بۆ یەزدان بەجێدەهێنم،
    بەرامبەر بە هەموو گەلەکەی.

15 یەزدان مردنی خۆشەویستانی
    لەبەرچاو سەنگینە.
16 ئەی یەزدان، من بە ڕاستی خزمەتکاری تۆم،
    من خزمەتکاری تۆم، کوڕی کەنیزەکەت،
    تۆ کۆتەکانی منت کردەوە.

17 قوربانی سوپاسگوزاری بۆ تۆ سەردەبڕم،
    بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە.
18 نەزرەکانم بۆ یەزدان بەجێدەهێنم،
    بەرامبەر بە هەموو گەلەکەی،
19 لە حەوشەی ماڵی یەزداندا،
    لە ناوەندی تۆدا، ئەی ئۆرشەلیم.

هەلیلویا!
117 ئەی هەموو نەتەوەکان، ستایشی یەزدان بکەن!
    ئەی هەموو گەلان، ستایشی بکەن!
چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی بەسەرمانەوە گەورەیە،
    دڵسۆزی یەزدانیش هەتاهەتاییە.

هەلیلویا!
118 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
    خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

با ئیسرائیل بڵێ:
    «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»
با بنەماڵەی هارون بڵێن:
    «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»
با ئەوانەی لەخواترسییان لە دڵدایە بڵێن:
    «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»

لە تەنگانەدا هاواری یەزدانم کرد،
    بە دەنگمەوە هات و ئازادی کردم.
یەزدان لەلای منە، ناترسم،
    مرۆڤ چیم لێ دەکات؟
یەزدان لەلای منە، لەگەڵ یارمەتیدەرانم،
    سەرکەوتووانە سەیری ئەوانە دەکەم کە ڕقیان لێمە.

پەنابردنە بەر یەزدان باشترە
    لە پشتبەستن بە مرۆڤ.
پەنابردنە بەر یەزدان باشترە
    لە پشتبەستن بە میران.
10 هەموو نەتەوەکان ئابڵوقەیان داوم،
    بە ناوی یەزدان ڕیشەکێشیان دەکەم.
11 ئابڵوقەیان داوم و دەوریان گرتووم،
    بە ناوی یەزدان ڕیشەکێشیان دەکەم.
12 وەک کوورە هەنگ تێم ئاڵاون،
    وەک ئاگری دڕکوداڵ کوژانەوە،
    بە ناوی یەزدان ڕیشەکێشیان دەکەم.
13 توند پاڵیان پێوەنام بۆ ئەوەی بکەوم،
    بەڵام یەزدان یارمەتی داوم.
14 یەزدان هێز و گۆرانی منە،
    یەزدان بووەتە ڕزگاریی من.

15 دەنگی هەلهەلە و ڕزگاری دێت لە خێوەتی ڕاستودروستان:
    «دەستە ڕاستی یەزدان کاری ئازایانە دەکات،
16 دەستە ڕاستی یەزدان بەرز بووەتەوە،
    دەستە ڕاستی یەزدان کاری ئازایانە دەکات.»
17 من نامرم، بەڵکو دەژیم و
    باسی کردارەکانی یەزدان دەکەم.
18 یەزدان بە توندی تەمبێی کردم،
    بەڵام نەیدامە دەست مەرگ.
19 دەرگاکانی ڕاستودروستیم لێ بکەنەوە،
    پێیدا دەچمە ژوورەوە و ستایشی یەزدان دەکەم.
20 ئەم دەرگایە هی یەزدانە،
    ڕاستودروستان پێیدا دەچنە ژوورەوە.
21 ستایشت دەکەم کە فریام کەوتی،
    بۆم بووی بە ڕزگاری.

22 ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە
    بوو بە گرنگترین بەردی بناغە[f].
23 ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو،
    لەبەرچاومان سەیرە.
24 ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە یەزدان دروستی کردووە،
    با تێیدا شاد و دڵخۆش بین.

25 ئەی یەزدان، تکایە، ڕزگارمان بکە،
    ئەی یەزدان، تکایە، سەرکەوتوومان بکە.

26 پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت،
    لە ماڵی یەزدانەوە داوای بەرەکەتتان بۆ دەکەین.
27 یەزدان خودامانە و
    ڕووناکی پێ بەخشیوین.
قوربانی جەژن بە گوریس ببەستنەوە
    بە قۆچەکانی قوربانگا.

28 تۆ خودای منیت و منیش ستایشت دەکەم،
    تۆ خودای منیت، بە گەورەت دەزانم.

29 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
    خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

א (ئەلف)[g]

119 خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە ڕێگایان تەواوە،
    ئەوانەی بەپێی فێرکردنی یەزدان دەڕۆن.
خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە یاساکەی پەیڕەو دەکەن،
    بە هەموو دڵەوە بەدوایدا دەگەڕێن.
هەروەها خراپە ناکەن و
    بە ڕێگای ئەودا دەڕۆن.
تۆ ڕێنماییەکانت داوە،
    بۆ ئەوەی خەڵک بە تەواوی گوێڕایەڵی بن.
خۆزگە ڕێگاکانم بچەسپابوونایە
    لە بەجێگەیاندنی فەرزەکانت!
ئەو کاتە شەرمەزار نەدەبووم،
    کە دەمڕوانییە هەموو ڕاسپاردەکانت.
بە دڵی پاکەوە ستایشت دەکەم،
    کاتێک فێری حوکمە ڕاستودروستەکانت دەبم.
فەرزەکانت بەجێدەهێنم،
    بە تەواوی وازم لێ مەهێنە.

ב (بێت)

گەنج بە چی هەڵسوکەوتی خۆی بێگەرد دەکات؟
    بە پاراستنی وشەکانت.
10 بە هەموو دڵەوە بەدوای تۆدا دەگەڕێم،
    مەهێڵە لە ڕاسپاردەکانت گومڕابم.
11 وشەکانی تۆم لەناو دڵم شاردووەتەوە،
    تاکو لە دژی تۆ گوناه نەکەم.
12 ئەی یەزدان، ستایش بۆ تۆ!
    فێری فەرزەکانی خۆتم بکە.
13 بە لێوەکانی خۆم،
    باسی هەموو حوکمەکانی دەمی تۆ دەکەم.
14 بە پەیڕەوکردنی یاساکانت شاد دەبم،
    وەک کەسێک سامانێکی زۆر دەبینێتەوە.
15 لە ڕێنماییەکانت ورد دەبمەوە،
    چاو دەبڕمە ڕێگاکانت.
16 بە فەرزەکانت دڵخۆش دەبم،
    وشەکانی تۆم لە یاد ناچێت.

ג (گیمێل)

17 چاکە لەگەڵ خزمەتکاری خۆت بکە،
    تاکو بژیم و گوێڕایەڵی فەرمانەکەت بم.
18 چاوم بکەرەوە تاکو ئەوانە ببینم،
    کردەوە سەرسوڕهێنەرەکان لە فێرکردنت.
19 من نامۆم لە زەوی،
    ڕاسپاردەکانی خۆتم لێ مەشارەوە.
20 گیانم توایەوە لە تامەزرۆیی
    بۆ حوکمەکانت لە هەموو کاتێک.
21 سەرزەنشتی لووت بەرزە نەفرەت لێکراوەکانت کرد،
    کە لە ڕاسپاردەکانی تۆ گومڕا بوون.
22 ڕیسوایی و سووکایەتیم لەسەر لابە،
    چونکە یاسای تۆم پەیڕەو کردووە.
23 هەرچەندە میرەکان دادەنیشن و لە دژم پیلان دەگێڕن،
    بەڵام خزمەتکارەکەت لە فەرزەکانت ورد دەبێتەوە.
24 یاساکانت شادمانی منن،
    ئەوانە ڕاوێژکارەکانی منن.

ד (دالێت)

25 گیانم بە خۆڵەوە نووساوە،
    بەگوێرەی بەڵێنی خۆت بمژیێنەوە.
26 باسی ڕێگاکانی خۆمم کرد، تۆ بەدەنگمەوە هاتیت،
    فەرزەکانی خۆتم فێر بکە.
27 ڕێگای ڕێنماییەکانی خۆتم تێبگەیەنە،
    لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ورد دەبمەوە.
28 گیانم لە خەفەتان توایەوە،
    بەگوێرەی بەڵێنی خۆت بەهێزم بکە.
29 ڕێگای درۆم لێ دووربخەوە،
    لەگەڵم میهرەبان بە و فێری تەوراتی خۆتم بکە.
30 ڕێگای ڕاستیم هەڵبژاردووە،
    حوکمەکانی تۆم خستووەتە بەرچاوم.
31 دەست بە یاساکانی تۆوە دەگرم،
    ئەی یەزدان، ڕێ مەدە شەرمەزار بم!
32 بە ڕاکردن لەسەر ڕێگای ڕاسپاردەکانت دەڕۆم،
    چونکە دڵی منت ئازاد کرد.

ה (هێی)

33 ئەی یەزدان، فێری ڕێگای فەرزەکانی خۆتم بکە،
    هەتا کۆتایی بەجێیان دەهێنم.
34 تێمبگەیەنە و فێرکردنت پەیڕەو دەکەم،
    بە هەموو دڵەوە گوێڕایەڵی دەبم.
35 بمخە سەر ڕێگای ڕاسپاردەکانت،
    چونکە دڵخۆشم دەکەن.
36 دڵم بخەرە سەر یاساکانت،
    نەک سەر قازانج.
37 چاوم وەرگێڕە لە تەماشاکردنی شتی پووچ،
    لە ڕێگای خۆتدا بمبوژێنەوە.
38 بەڵێنی خۆت بۆ خزتمەتکارەکەت بهێنە دی،
    ئەوەی بەوانەت داوە کە لێت دەترسن.
39 ئەو سووکایەتییەم لەسەر لابە کە لێی دەترسم،
    چونکە حوکمەکانت چاکن.
40 ئەوەتا پەرۆشی ڕێنماییەکانی تۆم،
    بە ڕاستودروستی خۆت بمژیێنەوە.

ו (ڤاڤ)

41 ئەی یەزدان، با خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتم بۆ بێت،
    ڕزگارییەکەت بەگوێرەی بەڵێنی خۆت،
42 جا وەڵامی ئەوە دەدەمەوە کە گاڵتەم پێ دەکات،
    چونکە پشتم بە بەڵێنی تۆ بەستووە.
43 وشەی ڕاست هەرگیز لە دەمم دوور مەخەوە،
    چونکە ئومێدم بە حوکمەکانی تۆ هەیە.
44 بە بەردەوامی گوێڕایەڵی فێرکردنی تۆ دەبم،
    هەتاهەتایە و هەتاسەر.
45 بە ئازادی دەڕۆم،
    چونکە داواکاری ڕێنماییەکانی تۆم.
46 لەبەردەم پاشاکانیش باسی یاساکانی تۆ دەکەم،
    شەرمەزاریش نابم.
47 خۆشی لە ڕاسپاردەکانت دەبینم،
    چونکە حەزم لێیانە.
48 دەست بۆ ڕاسپاردەکانت بەرز دەکەمەوە، ئەوەی خۆشم دەوێت،
    سەرنج دەدەمە فەرزەکانت.

ז (زاین)

49 پەیمانی خۆت لەبیر بێت بۆ خزمەتکارەکەت،
    چونکە هیوات پێم داوە.
50 لە کاتی تەنگانەمدا دڵنەوایی من ئەمەیە:
    بەڵێنەکەت منی ژیاندەوە.
51 لووتبەرزەکان زۆر گاڵتەم پێ دەکەن،
    بەڵام من لە فێرکردنی تۆ لام نەداوە.
52 ئەی یەزدان، حوکمە لەمێژینەکانی تۆم هاتەوە یاد،
    دڵنەواییم هاتەوە.
53 لەبەر بەدکاران تووڕەییم جۆشا،
    ئەوانەی وازیان لە فێرکردنی تۆ هێناوە.
54 فەرزەکانت بوونە بابەت گۆرانییەکانم،
    لە ماڵی ئاوارەییم.
55 ئەی یەزدان، بە شەو یادی ناوی تۆ دەکەمەوە و
    گوێڕایەڵی فێرکردنت دەبم.
56 ئەم نەریتە بۆ من بوو:
    ڕێنماییەکانی تۆم پەیڕەو کرد.

ח (حێیت)

57 ئەی یەزدان، تۆ بەشی منی،
    بەڵێنم داوە گوێڕایەڵی فەرمانەکانت بم.
58 بە هەموو دڵەوە داوای ڕەزامەندی تۆ دەکەم،
    بەپێی بەڵێنی خۆت لەگەڵم میهرەبان بە.
59 لە ڕێگای خۆم ڕامام،
    پێم بەرەو یاساکانت وەرگێڕایەوە.
60 خێرا بووم و دوا نەکەوتم
    لە بەجێگەیاندنی ڕاسپاردەکانت.
61 گوریسی بەدکارەکان منیان بەستاوەتەوە،
    بەڵام فێرکردنی تۆ لەبیر ناکەم.
62 لە نیوەشەودا هەڵدەستم بۆ ئەوەی ستایشت بکەم
    لەسەر حوکمە ڕاستودروستەکانت.
63 من هاوڕێی هەموو ئەوانەم لە تۆ دەترسن،
    لەوانەی ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەن.
64 ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت زەوی پڕکردووە،
    فەرزەکانی خۆتم فێر بکە.

ט (تێیت)

65 ئەی یەزدان، چاکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت کرد،
    بەگوێرەی بەڵێنی خۆت.
66 هەستی باش و زانینم فێر بکە،
    چونکە باوەڕم بە ڕاسپاردەکانت هەیە.
67 بەر لەوەی زەلیل بم گومڕا بووم،
    بەڵام ئێستا گوێڕایەڵی فەرمایشتەکەت دەبم.
68 تۆ چاکیت و چاکەکاری،
    فەرزەکانی خۆتم فێر بکە.
69 لووتبەرزان درۆم بۆ هەڵدەبەستن،
    بەڵام من بە هەموو دڵەوە ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەم.
70 دڵیان وەک پیو بێ هەستە،
    بەڵام فێرکردنت شادییە بۆ من.
71 چاک بوو بۆ من کە زەلیل بم،
    بۆ ئەوەی فێری فەرزەکانت بم.
72 فێرکردنی دەمی تۆ،
    لە هەزار زێڕ و زیو باشترە بۆ من.

י (یۆد)

73 دەستی تۆ دروستی کردم و دایڕشتم،
    تێمبگەیەنە هەتا فێری ڕاسپاردەکانت بم.
74 ئەوانەی لێت دەترسن شادمان دەبن کاتێک دەمبینن،
    چونکە من هیوام بە بەڵێنی تۆ هەیە.
75 ئەی یەزدان، زانیم کە حوکمەکانت ڕاستودروستە،
    بە دڵسۆزی زەلیلیت کردم.
76 با خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بۆ دڵنەواییم بێت،
    بەپێی بەڵێنەکەت بۆ خزمەتکارەکەت.
77 با بەزەییت بێتە لام بۆ ئەوەی بژیم،
    چونکە فێرکردنی تۆ شادمانییە بۆ من.
78 با لووتبەرزان شەرمەزار بن، چونکە بوختانیان بۆ هەڵبەستم،
    بەڵام من سەرنج دەدەمە ڕێنماییەکانت.
79 با ئەوانەی لێت دەترسن بگەڕێنەوە لای من،
    ئەوانەی لە یاساکانی تۆ تێدەگەن.
80 با دڵم تەواو بێت لە فەرزەکانت،
    بۆ ئەوەی شەرمەزار نەبم.

כ (کاف)

81 گیانم پەرۆشی ڕزگاریی تۆیە،
    ئومێدم بە بەڵێنی تۆیە.
82 چاوم کز بوو لە چاوەڕوانی بەڵێنەکەت،
    دەپرسم: «کەی دڵنەواییم دەکەیت؟»
83 هەرچەندە وەک مەشکەیەکی پڕ دووکەڵم[h] لێهاتووە،
    فەرزەکانی تۆم لەیاد نەکردووە.
84 خزمەتکارەکەت دەبێ چەند ڕۆژ چاوەڕێ بکات؟
    کەی حوکم دەدەیت بەسەر ئەوانەی من دەچەوسێننەوە؟
85 لووتبەرزان چاڵیان بۆم هەڵکەندووە،
    ئەمەش بەگوێرەی فێرکردنی تۆ نییە!
86 هەموو ڕاسپاردەکانت جێی متمانەن،
    فریام بکەوە، چونکە بە فێڵ دەمچەوسێننەوە!
87 وەختە لەسەر زەوی کۆتاییم پێ بهێنن،
    بەڵام من دەستبەرداری ڕێنماییەکانی تۆ نەبووم.
88 بەپێی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمژیێنەوە،
    یاساکانی دەمی تۆ پەیڕەو دەکەم.

ל (لامد)

89 ئەی یەزدان، فەرمایشتی تۆ هەتاهەتاییە،
    لە ئاسمان چەسپاوە.
90 دڵسۆزیت نەوە دوای نەوەیە،
    زەویت دامەزراند و دەمێنێت.
91 ئەوان بە حوکمەکانی تۆ هەتا ئەمڕۆ ماون،
    چونکە هەمووان خزمەتکاری تۆن.
92 ئەگەر فێرکردنی تۆ سەرچاوەی شادیم نەدەبوو،
    بە زەلیلی خۆم لەناودەچووم.
93 هەرگیز ڕێنماییەکانت لەبیرناکەم،
    چونکە بەوان منت ژیاندەوە.
94 من هی تۆم، ڕزگارم بکە،
    چونکە بەدوای ڕێنماییەکانی تۆدا گەڕاوم.
95 بەدکارەکان خۆیان بۆم ماتداوە هەتا بمفەوتێنن،
    بەڵام من لە یاساکانی تۆ ڕادەمێنم.
96 بۆ هەموو تەواوییەک سنوورم بینی،
    بەڵام ڕاسپاردەی تۆ زۆر فراوانە.

מ (میم)

97 چەند حەزم لە فێرکردنی تۆیە!
    بە درێژایی ڕۆژ لێی ورد دەبمەوە.
98 بەهۆی ڕاسپاردەکانت لە دوژمنەکانم داناتر بووم،
    چونکە هەتاهەتایە بۆ منە.
99 لە هەموو مامۆستاکانم هۆشمەندتر بووم،
    چونکە لە یاساکانت ورد دەبمەوە.
100 لە پیرەکان زیاتر تێدەگەم،
    چونکە ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەم.
101 پێی خۆمم قەدەغە کردووە لە هەموو ڕێگایەکی خراپ،
    بۆ ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمانی تۆ بم.
102 لە حوکمەکانی تۆ لام نەداوە،
    چونکە تۆ خۆت فێرت کردووم.
103 بەڵێنەکانت چەند شیرینن بۆ زمانم،
    لە هەنگوین شیرینترن بۆ دەمم.
104 لە ڕێنماییەکانی تۆ تێگەیشتنم بەدەستهێنا،
    بۆیە ڕقم لە هەموو ڕێگایەکی خوارە.

נ (نون)

105 وشەکانی تۆ چران بۆ پێیەکانم،
    ڕووناکییە بۆ ڕێگام.
106 سوێندم خواردووە و بەجێی دەهێنم،
    کە ملکەچی حوکمە ڕاستودروستەکانت دەبم.
107 ئەی یەزدان، زۆر ئازارم چێژتووە،
    جا بەپێی بەڵێنی خۆت بمژیێنەوە.
108 ئەی یەزدان، بە ستایشە خۆویستەکانی دەمم ڕازی بە،
    حوکمەکانی خۆتم فێر بکە.
109 هەمیشە گیانم لەناو دەستمدایە،
    بەڵام فێرکردنی تۆ لەبیرناکەم.
110 بەدکاران تەڵەیان بۆم ناوەتەوە،
    بەڵام من لە ڕێنماییەکانی تۆ گومڕا نابم.
111 یاساکانت هەتاهەتایە گەنجینەن بۆ من،
    چونکە ئەوان شادی دڵمن.
112 دڵم بۆ بەجێهێنانی فەرزەکانت تەرخان دەکەم،
    هەتاهەتایە و هەتا کۆتایی.

ס (سامخ)

113 ڕقم لە کەسانی دوودڵە،
    حەزم لە فێرکردنی تۆیە.
114 تۆ پەناگا و قەڵغانی منیت،
    هیوام بە بەڵێنی تۆیە.
115 ئەی بەدکارەکان، لێم دوور بکەونەوە،
    تاکو ڕاسپاردەکانی خودای خۆم پەیڕەو بکەم.
116 بەپێی بەڵێنەکەی خۆت پشتم بگرە هەتا بژیم،
    لە ئومێدی خۆم شەرمەزارم مەکە.
117 پشتم بگرە و ڕزگاردەبم،
    هەمیشە چاوم لە فەرزەکانت دەبێت.
118 هەموو ئەوانەی لە فەرزەکانی تۆ گومڕا بوون ڕەتیان دەکەیتەوە،
    چونکە فێڵەکەیان پووچە.
119 هەموو بەدکارانی زەوی وەک خڵت جیا دەکەیتەوە،
    بۆیە حەزم لە یاساکانتە.
120 لەشم لە تۆقینی تۆ دەلەرزێت و
    لە حوکمەکانت دەترسم.

ע (عەین)

121 دادپەروەری و ڕاستودروستیم بەجێهێناوە،
    ڕادەستی زۆردارم مەکە.
122 بەڵێن بدە چاکە لەگەڵ خزمەتکاری خۆت بکەیت،
    با لووتبەرزەکان ستەمم لێ نەکەن.
123 چاوم شل بوو لە پەرۆشیم بۆ ڕزگارییەکەت،
    بۆ بەڵێنی ڕاستودروستیت[i].
124 بەپێی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت ڕەفتار بکە،
    فێری فەرزەکانی خۆتم بکە.
125 من خزمەتکاری تۆم، تێمبگەیەنە،
    بۆ ئەوەی لە یاساکانت تێبگەم.
126 کاتی کارکردنە بۆ یەزدان،
    چونکە فێرکردنی تۆ شکێنراوە.
127 لەبەر ئەوەی حەز لە ڕاسپاردەکانت دەکەم
    زیاتر لە زێڕ، لە زێڕی پوختەکراو،
128 هەروەها لەبەر ئەوەی هەموو ڕێنماییەکانت بە ڕاست دەزانم،
    ڕقم لە هەموو ڕێگایەکی خوارە.

פ (پێ)

129 یاساکانت سەرسوڕهێنەرە،
    بۆیە گیانم پەیڕەویان دەکات.
130 ڕوونکردنەوەی فەرمایشتەکانت ڕووناکی دەبەخشێت،
    تێگەیشتنیش بە نەزانەکان.
131 دەمم کردەوە و هەناسەبڕکێمە،
    چونکە پەرۆشی ڕاسپاردەکانی تۆم.
132 ئاوڕم لێ بدەوە و لەگەڵم میهرەبان بە،
    وەک حوکمت بۆ ئەوانەی ناوی تۆیان خۆشدەوێت.
133 هەنگاوەکانم لەسەر وتەکەت بچەسپێنە،
    مەهێڵە هیچ گوناهێک بەسەرمدا زاڵ بێت.
134 لە زۆرداری مرۆڤ بمکڕەوە،
    بۆ ئەوەی ڕێنماییەکانی تۆ پەیڕەو بکەم.
135 ڕووت بەسەر خزمەتکاری خۆتدا بدرەوشێنەوە،
    فێری فەرزەکانی خۆتم بکە.
136 جۆگەی ئاو لە چاوەکانم دادەڕژێت،
    چونکە فێرکردنت پەیڕەو ناکرێت.

צ (تسادێ)

137 ئەی یەزدان، تۆ ڕاستودروستیت،
    حوکمەکانت ڕاستن.
138 ئەو یاسایانەی دەرتکردووە ڕاستودروستن و
    بە تەواوی جێی متمانەن.
139 دڵگەرمیم سووتاندمی،
    چونکە دوژمنانم فەرمانەکانی تۆیان لەبیر کردووە.
140 بەڵێنی تۆ زۆر تاقیکراوەتەوە،
    خزمەتکارەکەت حەزی لێیەتی.
141 من بچووک و ڕیسوام،
    بەڵام ڕێنماییەکانت لە یاد ناکەم.
142 ڕاستودروستیت هەتاهەتایی تەواوە و
    فێرکردنت ڕاستە.
143 تەنگانە و ناخۆشیم تووشبووە،
    بەڵام ڕاسپاردەکانت شادی منن.
144 یاساکانت هەتاهەتایە ڕاستودروستن،
    تێمبگەیەنە بۆ ئەوەی بژیم.

ק (قۆف)

145 پڕ بە دڵ هاوار دەکەم، ئەی یەزدان، وەڵامم بدەوە،
    فەرزەکانت بەجێدەهێنم.
146 هاوار بۆ تۆ دەکەم، ڕزگارم بکە!
    یاساکانت پەیڕەو دەکەم.
147 پێش بەرەبەیان هەڵدەستم و هاوارت بۆ دەهێنم،
    ئومێدم بە بەڵێنی تۆ هەیە.
148 بە درێژایی شەو بەئاگام،
    بۆ ئەوەی لە بەڵێنەکانت وردببمەوە.
149 بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت گوێ لە دەنگم بگرە،
    ئەی یەزدان، بەگوێرەی حوکمەکانت[j] بمژیێنەوە.
150 پیلانگێڕان نزیک بوونەوە،
    لە فێرکردنی تۆ دوورکەوتوونەتەوە.
151 بەڵام ئەی یەزدان، تۆ زۆر نزیکیت،
    هەموو ڕاسپاردەکانت ڕاستن.
152 لەمێژە لە یاساکانت دەزانم،
    کە بۆ هەتاهەتایە داتناوە.

ר (ڕێیش)

153 سەیری ئازارم بکە و دەربازم بکە،
    چونکە فێرکردنی تۆ لەبیر ناکەم.
154 پارێزەری لە گرفتەکەم بکە و بمکڕەوە،
    بەگوێرەی بەڵێنەکەت بمژیێنەوە.
155 ڕزگاری لە بەدکاران دوورە،
    چونکە بەدوای فەرزەکانتدا ناگەڕێن.
156 ئەی یەزدان، بەزەییت زۆرە،
    بەگوێرەی حوکمەکانت بمژیێنەوە.
157 دوژمنانم و ئەوانەی دەمچەوسێننەوە زۆرن،
    بەڵام لە یاساکانی تۆ لام نەداوە.
158 خیانەتکارانم بینی بێزم هاتەوە،
    چونکە گوێڕایەڵی فەرمانەکانت نەبوون.
159 ببینە چەندە حەزم لە ڕێنماییەکانتە،
    ئەی یەزدان، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمژیێنەوە.
160 هەموو وشەکانی تۆ ڕاستییە،
    هەموو حوکمە ڕاستودروستەکانی هەتاهەتایین.

ש (شین)

161 میرەکان بەبێ هۆ دەمچەوسێننەوە،
    بەڵام دڵم لە فەرمایشتی تۆ دەتۆقێت.
162 بە بەڵێنەکانت دڵشاد دەبم،
    وەک یەکێک دەستکەوتێکی زۆری چنگکەوتبێت.
163 ڕقم لە درۆیە و قێزم لێی دەبێتەوە،
    بەڵام حەزم لە فێرکردنی تۆیە.
164 ڕۆژانە حەوت جار ستایشت دەکەم،
    بۆ حوکمە ڕاستودروستەکانت.
165 ئاشتیێکی گەورە بۆ ئەوانەی حەز لە فێرکردنت دەکەن،
    هیچ شتێک بۆیان نابێتە کۆسپ.
166 ئەی یەزدان، هیوام بە ڕزگاریی تۆیە،
    ڕاسپاردەکانی تۆم پەیڕەو کرد.
167 گیانم یاساکانت پەیڕەو دەکات،
    چونکە زۆر حەزم لێیەتی.
168 ڕێنمایی و یاساکانی تۆ پەیڕەو دەکەم،
    چونکە هەموو ڕێگاکانم لەبەردەمتن.

ת (تاو)

169 ئەی یەزدان، با هاوارم بگاتە بەردەمت،
    بەگوێرەی پەیمانی خۆت تێمبگەیەنە.
170 با پاڕانەوەم بێتە بەردەمت،
    بەگوێرەی بەڵێنەکەت دەربازم بکە.
171 با لێوم ستایشی لێ بڕژێت،
    چونکە فێری فەرزەکانی خۆتم دەکەیت.
172 با زمانم گۆرانی بەسەر وتەکەتدا بڵێ،
    چونکە هەموو ڕاسپاردەکانت ڕاستودروستن.
173 با دەستت ئامادەبێت بۆ یارمەتیم،
    چونکە ڕێنماییەکانی تۆم هەڵبژاردووە.
174 ئەی یەزدان، من بە پەرۆشم بۆ ڕزگاریی تۆ،
    فێرکردنت شادی منە.
175 با گیانم بژیێتەوە بۆ ئەوەی ستایشت بکەم،
    حوکمەکانت یارمەتیم بدات.
176 وەک بەرخی وێڵ گومڕا بووم،
    بەدوای خزمەتکارەکەتدا بگەڕێ،
    چونکە ڕاسپاردەکانی تۆم لەبیر نەکردووە.

گۆرانی گەشتیاران.

120 لە تەنگانەمدا لە یەزدان پاڕامەوە،
    بە دەنگمەوە هات.
ئەی یەزدان، گیانم دەرباز بکە
    لە لێوی درۆزن و لە زمانی فێڵباز.

چیت پێدەدرێت،
    چیت بۆ زیاد دەکرێت، ئەی زمانی فێڵباز؟
تیری تیژکراوی پاڵەوان،
    لەگەڵ پشکۆی خەڵووزی دار گەز!

قوڕبەسەرم، چونکە ئاوارەی مەشەکم[k]،
    کە لە خێوەتەکانی قێدار[l] نیشتەجێم.
نیشتەجێبوونم درێژەی کێشا
    لەگەڵ ئەوانەی ڕقیان لە ئاشتییە.
من ئاشتیخوازم،
    بەڵام کاتێک قسە دەکەم، ئەوان شەڕخوازن.

گۆرانی گەشتیاران.

121 چاوم بەرەو چیاکان[m] هەڵدەبڕم،
    یارمەتی من لەکوێوە دێت؟
یارمەتی من لەلای یەزدانەوەیە،
    دروستکەری ئاسمان و زەوی.

لێ ناگەڕێت پێت بخزێت،
    ئەوەی دەتپارێزێت خەواڵوو نابێت.
بێگومان ئەوەی ئیسرائیل دەپارێزێت
    خەواڵوو نابێت و نانوێت.

یەزدان پارێزگاری تۆیە،
    یەزدان سێبەری تۆیە لەلای دەستە ڕاستت،
نە خۆر بە ڕۆژ ئەزیەتت دەدات،
    نە مانگ بە شەو.

یەزدان لە هەموو خراپەیەک دەتپارێزێت،
    گیانت دەپارێزێت.
یەزدان پارێزگاری هاتوچۆت دەکات،
    لە ئێستاوە و بۆ هەتاهەتایە.

گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود.

122 شادمان بووم بەوانەی پێیان گوتم،
    «با بچینە ماڵی یەزدان.»
ئەی ئۆرشەلیم، پێیەکانمان
    لە دەروازەکانت ڕادەوەستن.

ئۆرشەلیم بنیاد نراوە،
    وەک شارێکی یەکگرتوو.
لەوێ کە خێڵەکان سەردەکەون،
    هۆزەکانی یەزدان،
وەک یاسا بۆ ئیسرائیل
    بۆ ئەوەی ستایشی ناوی یەزدان بکەن.
چونکە تەختەکان بۆ دادوەری لەوێ دادەنرێت،
    تەختەکانی بنەماڵەی داود.

داوای ئاشتی بکەن بۆ ئۆرشەلیم:
    «با ئەوانەی تۆیان خۆشدەوێت ئاسوودە بن.
با ئاشتی لە شووراکانت بێت،
    ئاسایش لە قەڵاکانت.»
لە پێناوی برا و هاوڕێیەکانم دەڵێم:
    «ئاشتیت تێدابێت!»
لە پێناوی ماڵی یەزدانی پەروەردگارمان،
    بەدوای چاکەی تۆدا دەگەڕێم.

گۆرانی گەشتیاران.

123 چاوم بۆ تۆ هەڵبڕی،
    تۆ ئەی دانیشتوو لە ئاسمان.
بێگومان وەک چۆن خزمەتکار چاوی لە دەستی گەورەکەیەتی،
    وەک چۆن کەنیزە چاوی لە دەستی خاتوونەکەیەتی،
ئاواش ئێمە چاومان لە دەستی یەزدانی پەروەردگارمانە،
    بۆ ئەوەی لەگەڵمان میهرەبان بێت.

لەگەڵمان میهرەبان بە، ئەی یەزدان، لەگەڵمان میهرەبان بە!
    چونکە لە ڕادەبەدەر لە سووکایەتی تێربووین.
گیانمان زۆر تێر بووە،
    لە گاڵتەی بێ خەمەکان،
    لە سووکایەتی لووتبەرزەکان.

گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود.

124 «ئەگەر یەزدان لایەنگرمان نەدەبوو،»
    با ئێستا ئیسرائیل بڵێت،
«ئەگەر یەزدان لایەنگرمان نەدەبوو،
    کاتێک خەڵک لێمان هەستان،
ئەوا بە زیندوویی قووتیان دەداین،
    کاتێک قینیان لە دژمان جۆشا،
ئەوا لافاو ڕایدەماڵین،
    لێشاو بەسەر گیانماندا تێدەپەڕی،
ئەوا ئاوی هەڵچوو
    بەسەر گیانماندا تێدەپەڕی.»

ستایش بۆ یەزدان،
    کە ئێمەی نەکردە نێچیری بەر کەڵبەیان.
گیانمان وەک چۆلەکە لە داوی ڕاوچی دەربازبوو،
    داوەکە پسا و ئێمە دەربازبووین.
هانامان بە ناوی یەزدانەوەیە،
    دروستکەری ئاسمان و زەوی.

گۆرانی گەشتیاران.

125 ئەوانەی پشتیان بە یەزدان بەستووە وەک کێوی سییۆن وان،
    کە نالەقێت، بەڵکو هەتاهەتایە هەر چەسپاوە.
وەک چۆن چیاکان دەوری ئۆرشەلیمیان داوە،
    یەزدانیش دەوری گەلی خۆی داوە،
    لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.

چونکە گۆچانی خراپەکاران
    لەسەر میراتی ڕاستودروستان جێگیر نابێت،
نەوەک ڕاستودروستان
    دەستیان درێژ بکەن بۆ خراپەکاری.

ئەی یەزدان، چاکە بکە لەگەڵ پیاوچاکان،
    لەگەڵ ئەوانەی بە دڵ ڕاستودروستن.
بەڵام ئەوانەی بادەدەنەوە و ڕێگای خوار دەگرن،
    یەزدان لەگەڵ بەدکاران دەیانبات.

ئاشتی بۆ ئیسرائیل!

گۆرانی گەشتیاران.

126 کە یەزدان ڕاپێچکراوانی سییۆنی گەڕاندەوە،
    وامان لێهات وەک خەون ببینین.
ئەو کاتە دەممان پڕ پێکەنین و
    زمانمان پڕ هەلهەلە بوو،
ئەوسا لەنێو نەتەوەکان گوتیان:
    «یەزدان کارێکی گەورەی لەگەڵ ئەوان کرد!»
یەزدان کارێکی گەورەی لەگەڵ ئێمە کرد،
    شادمان بووین.

ئەی یەزدان، خۆشحاڵیمان بگەڕێنەوە،
    وەک جۆگەکانی نەقەب[n].
ئەوانەی بە فرمێسکەوە دەچێنن،
    بە هەلهەلەوە دروێنە دەکەن.
ئەوەی بە گریانەوە دەڕوات و
    تۆو بۆ چاندن بار دەکات،
بە هەلهەلەوە دێتەوە و
    بەرهەمەکەی بە مەلو بار دەکات.

گۆرانی گەشتیاران، بۆ سلێمان.

127 ئەگەر یەزدان خانووەکە دروستنەکات،
    وەستاکان بێ سوود خۆیان ماندوو دەکەن.
ئەگەر یەزدان چاودێری شارەکە نەکات،
    پاسەوان بێ سوود ئێشک دەگرێت.
بێ سوودە بۆتان زوو هەستان و دانیشتن هەتا درەنگی شەو،
    خواردنی نانی ڕەنجکێشی،
    چونکە خەو بە خۆشەویستانی خۆی دەبەخشێت.

بێگومان منداڵان میراتن لە یەزدانەوە،
    پاداشتی بەری سکن.
وەک تیری دەستی پاڵەوان،
    ئاوان کوڕانی مرۆڤی گەنج.
خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی تیردانی خۆی لەوان پڕکردووە،
    شەرمەزار نابێت کە لە دادگا[o] لەگەڵ دوژمنان دەکەوێتە دەمەقاڵێ.

گۆرانی گەشتیاران.

128 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی لە یەزدان بترسێت،
    ڕێگای ئەو بگرێتەبەر.
کە بەری ڕەنجی دەستی خۆت دەخۆیت،
    خۆزگەت پێ دەخوازرێت و چاکیشە بۆت.
ژنەکەت وەک دار مێوێکی بەردار دەبێت لەناو ماڵەکەت،
    کوڕەکانت وەک شەتڵە زەیتوون دەبن لە دەوری خوانەکەت.
ئەو کەسەی لە یەزدان بترسێت
    ئاوا بەرەکەتدار دەبێت.

یەزدان لە سییۆن بەرەکەتدارت بکات،
    چاکەی ئۆرشەلیم ببینیت
هەموو ڕۆژانی ژیانت و
    منداڵی منداڵەکانت ببینیت!
ئاشتی بۆ ئیسرائیل!

گۆرانی گەشتیاران.

129 «لە گەنجییەتم زۆر هەراسانیان کردم!»
    با ئێستا ئیسرائیل بڵێت:
«لە گەنجییەتم زۆر هەراسانیان کردم!
    بەڵام بەسەرمدا زاڵ نەبوون.
جوتیارەکان جووتیان لەسەر پشتم کرد و
    هێڵی جووتەکانیان درێژکردەوە.»
بەڵام یەزدان ڕاستودروستە،
    پەتی بەدکارانی پچڕاند.

ڕیسوا بن و ببەزن،
    هەموو ئەوانەی ڕقیان لە سییۆنە.
بە دەردی گیای سەربان بچن،
    پێش ئەوەی گەشە بکات وشک دەبێت،
ئەوەی نە دەستی دروێنەکەر پڕ دەکات و
    نە باوەشی گیشەکەر[p].
با ئەوانەی بەلایانەوە تێدەپەڕن پێیان نەڵێن:
    «بەرەکەتی یەزدانتان لێ بێت!
    بە ناوی یەزدان داوای بەرەکەتتان بۆ دەکەین!»

گۆرانی گەشتیاران.

130 ئەی یەزدان، لە ناخی قووڵاییەکانەوە هاوار بۆ تۆ دەکەم!
    ئەی پەروەردگار، گوێ لە دەنگم بگرە!
    با گوێیەکانت سووک بن بۆ دەنگی پاڕانەوەم.

ئەی یەزدان، ئەگەر گوناهەکان تۆمار بکەیت،
    ئەی پەروەردگار، کێ دەوەستێت؟
بەڵام لێخۆشبوون لەلای تۆیە،
    بۆ ئەوەی لێت بترسین.

چاوەڕێی یەزدان دەکەم، گیانم چاوەڕێی دەکات،
    هیوام بە بەڵێنەکانییەتی.
گیانم چاوەڕێی پەروەردگار دەکات،
    زیاتر لە ئێشکگر بۆ بەرەبەیان،
    زیاتر لە ئێشکگر بۆ بەرەبەیان.

ئەی ئیسرائیل، هیوات بە یەزدان هەبێت،
    چونکە خۆشەویستی نەگۆڕ لەلای یەزدانە،
    توانایەکی زۆریشی هەیە بۆ کڕینەوە.
هەر ئەوە ئیسرائیل دەکڕێتەوە
    لە هەموو گوناهەکانی.

گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود.

131 ئەی یەزدان، نە دڵم بەفیزە و
    نە چاوەکانم بە لووتبەرزییەوە دەڕوانن،
    خۆم بە شتی لە خۆم گەورەتر و گرنگترەوە خەریک ناکەم.
بەڵکو گیانم ئارام و کپ کردووە،
    وەک منداڵێکی لەشیربڕاوەیە لە باوەشی دایکی،
    گیانم وەک منداڵێکی لەشیربڕاوە وایە.

ئەی ئیسرائیل، هیوات بە یەزدان هەبێت،
    لە ئێستاوە و بۆ هەتاهەتایە.

گۆرانی گەشتیاران.

132 ئەی یەزدان، داود و هەموو ئازارەکانی
    بەبیر خۆت بهێنەوە.

ئەو سوێندەی بۆ یەزدانی خوارد،
    نەزرەکەی بۆ خودای تواناداری یاقوب:
«شەرت بێت نەچمەوە ناو خێوەتی ماڵەکم،
    نەچمە ناو نوێنەکەم،
خەو نەدەم بە چاوەکانم،
    پشوو نەدەم بە پێڵووەکانم،
تاکو شوێنێک بۆ یەزدان پەیدا نەکەم،
    نشینگەیەک بۆ خودای تواناداری یاقوب.»

ئەوەتا لە ئەفراتە[q] هەواڵی ئەومان بیست،
    لەناو کێڵگەکانی «یاعەر»[r] دۆزیمانەوە:
«با بچینە نشینگەکەی،
    با لە تەختەپێی کڕنۆش ببەین.
ئەی یەزدان، هەستە و وەرە بۆ شوێنی حەوانەوەت،
    خۆت و سندوقی هێزت[s].
با کاهینەکانت ڕاستودروستی لەبەر بکەن،
    خۆشەویستانت هەلهەلە لێبدەن.»

10 لە پێناوی داودی بەندەی خۆت،
    دەستنیشانکراوەکەت[t] ڕەت مەکەرەوە.

11 یەزدان بە ڕاستی سوێندی بۆ داود خوارد و
    لێی پاشگەز نابێتەوە:
    «لە بەری پشتی خۆت لەسەر تەختەکەت دادەنێم.
12 ئەگەر کوڕەکانت پەیمانەکەم نەشکێنن،
    هەروەها ئەو فەرزانەی کە فێریان دەکەم،
ئەوسا خۆیان و نەوەکانیان هەتاهەتایە
    لەسەر تەختەکەت دادەنیشن.»

13 چونکە یەزدان سییۆنی هەڵبژارد و
    حەزی کرد بیکات بە نشینگەی خۆی.
14 «هەتاهەتایە ئەمە ئارامگامە،
    لێرە نیشتەجێ دەبم، چونکە پێم خۆشە!
15 بەرەکەت بەسەر ئازووقەکەیدا دەبارێنم،
    هەژارەکانی تێر نان دەکەم.
16 ڕزگاری دەکەمە بەر کاهینەکانی،
    خۆشەویستانی بە شادمانییەوە هەلهەلە لێ دەدەن.

17 «لەوێ هێز بە داود دەبەخشم،
    چرایەک بۆ دەستنیشانکراوەکەم[u] ئامادە دەکەم.
18 شەرمەزاری دەکەمە بەر دوژمنەکانی،
    بەڵام تاجەکەی سەر ئەو شکۆفە دەکات.»

گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود.

133 ئەوەتا چەند باشە و چەند جوانە،
    کاتێک گەلی خودا پێکەوە بژین!

وەک ڕۆنی بۆن خۆشە بەسەر سەرەوە،
    کە بەسەر ڕیشدا دێتە خوارێ، ڕیشی هارون،
    کە بەسەر یەخەی کراسەکەیدا دێتە خوارێ.
وەک شەونمی حەرمۆن[v] کە دێتە خوارێ
    بەسەر کێوی سییۆن،
    چونکە لەوێ یەزدان فەرمانی بە بەرەکەت دا، ژیانی هەتاهەتایی.

گۆرانی گەشتیاران.

134 ستایشی یەزدان بکەن، ئەی هەموو بەندەکانی یەزدان،
    ئەی ئەوانەی بە شەوان لە ماڵی یەزدان ڕادەوەستن.
لە پیرۆزگاکە[w] دەست بەرزبکەنەوە و
    ستایشی یەزدان بکەن.

با یەزدان، دروستکەری زەوی و ئاسمان،
    لە سییۆنەوە بەرەکەتدارت بکات.
135 هەلیلویا!

ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
    ئەی بەندەکانی یەزدان، ستایشی بکەن،
ئەی ئەوانەی لە ماڵی یەزدان ڕاوەستاون،
    لە حەوشەی ماڵی خودامان.

ستایشی یەزدان بکەن، چونکە یەزدان چاکە،
    مۆسیقا بۆ ناوی بژەنن، چونکە ئاوا جوانە،
چونکە یەزدان یاقوبی بۆ خۆی هەڵبژاردووە و
    ئیسرائیل بۆ گەنجینەیەکی تایبەتی خۆی.

من دەزانم یەزدان مەزنە،
    پەروەردگارمان لە هەموو خوداوەندەکان مەزنترە.
یەزدان هەرچی پێ خۆشبێت دەیکات،
    لە ئاسمان و لەسەر زەوی،
    لە دەریا و لە هەموو قووڵاییەکان.
لە بنی دنیاوە هەورەکان بەرز دەکاتەوە،
    بروسکە بۆ باران دروستدەکات و
    لە ئەمباری خۆی با دەردێنێت.

ئەو بوو کە نۆبەرەکانی میسری لەناوبرد،
    لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ.
ئەی میسرییەکان، لەنێو ئێوە نیشانە و پەرجووی نارد،
    لە دژی فیرعەون و هەموو خزمەتکارەکانی.
10 ئەو زۆر نەتەوەی لەناوبرد و
    پاشا بە تواناکانی کوشت.
11 سیحۆنی[x] پاشای ئەمورییەکان و
    عۆگی[y] پاشای باشان و
    هەموو پاشاکانی کەنعان
12 خاکەکەیانی کردە میرات،
    میرات بۆ ئیسرائیلی گەلی خۆی.

13 ئەی یەزدان، ناوت هەتاهەتاییە،
    ئەی یەزدان، یادت بۆ نەوە دوای نەوەیە،
14 چونکە یەزدان ئەستۆپاکی گەلی خۆی دەسەلمێنێت،
    میهرەبان دەبێت لەگەڵ خزمەتکارەکانی.

15 بتەکانی نەتەوەکان زێڕ و زیون،
    دەستکردی مرۆڤن.
16 دەمیان هەیە، بەڵام قسە ناکەن،
    چاویان هەیە، بەڵام نابینن،
17 گوێیان هەیە، بەڵام نابیستن،
    هەناسە لە دەمیان نییە.
18 دروستکەرەکانیان وەک ئەوان دەبن،
    هەروەها هەموو ئەوانەش کە پشتیان پێ دەبەستن.

19 ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ستایشی یەزدان بکەن!
    ئەی بنەماڵەی هارون، ستایشی یەزدان بکەن!
20 ئەی بنەماڵەی لێڤی، ستایشی یەزدان بکەن!
    ئەی ئەوانەی ترسی یەزدانتان لە دڵدایە، ستایشی یەزدان بکەن!
21 ستایش بۆ یەزدان لە سییۆن،
    بۆ ئەوەی لە ئۆرشەلیم نیشتەجێیە.

هەلیلویا!
هەلیلویا!
136 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
ستایشی خودای خودایان بکەن،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
ستایشی گەورەی گەورەیان بکەن،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

Footnotes

  1. 108‏:7 ناوی دوو شاری کۆنە. شەخەم شارێکی شوورابەند بوو لە پاڵ کێوی گریزیم، سوکۆتیش دەکەوتە دووری شەش کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون.‏
  2. 108‏:8 گلعاد کوڕی ماکیرە و کوڕەزای منەششێیە و منەششێش نۆبەرەی یوسفە، ئەفرایمیش کوڕی دووەمی یوسفە، یەهوداش کوڕی یاقوبە، بۆیە ئەم ناوانە بوون بە ناوی هۆز و عەشیرەتەکانی ئیسرائیل و هەروەها ناوی شار و ناوچەکانیان.‏
  3. 108‏:9 خاکی مۆئابییەکان، دەکەوتە بەشی ڕۆژهەڵاتی دەریای مردوو.‏
  4. 110‏:1 پاشا بەهۆی ئەوەی کورسییەکەی بەرزتر بووە، تەختەیەک لەژێر پێی بووە، پاشا وێنەی دوژمنەکانی لەسەر کێشاوە، وەک هێمایەک بۆ خستنە ژێر پێیان.‏
  5. 110‏:4 باڵاترین کاهینە لەلای خودای گەورە. بڕوانە پەیدابوون 14‏:18‏‏.‏
  6. 118‏:22 گرنگترین بەردی بناغە: بەردی قولینچک، بەردێکی گەورەیە لە گۆشەی دیوار دادەنرێت لەو بەردانە بەهێزترە کە لە دیوارەکە بەکاردێت و دەبێتە هۆی بەهێزکردنی دیوارەکە.‏
  7. 119‏:1 ڕێکخستنی پیتەکان بەپێی ڕێکخستنی عیبرییە ئەلف، بێت، گیمێل‏… هتد، لە دەقە عیبرییەکە سەری دێڕەکان بەو پیتە دەستپێدەکەن کە لەژێر بەشی ئەو پیتەن.‏
  8. 119‏:83 بە مەبەست وشک و بێ سوودە.‏
  9. 119‏:123 مەبەستی لە بەجێهێنانی بەڵێنی ڕاستودروستە.‏
  10. 119‏:149 مەبەست لە بڕیاری خودایە بەگوێرەی پەیمانی خۆی بۆ بەخشینی ژیانی هەتاهەتایی بۆ بێتاوانکراوان.‏
  11. 120‏:5 مەشەک، هەرێمێکە لە ئێستای وڵاتی تورکیا.‏
  12. 120‏:5 قێدار، هەرێمێکە لە نیمچە دوورگەکەی عەرەبی.‏
  13. 121‏:1 مەبەستی چیاکانی دەوری ئۆرشەلیمە.‏
  14. 126‏:4 دەکەوێتە خوارووی فەلەستین، بۆیە لە زمانی عیبری بە واتای باشووریش دێت.‏
  15. 127‏:5 عیبری: لە دەروازە. لە کەلتوری عیبری دادگا لە دەروازەی شار بووە، زۆر جار وشەی دەروازە لەبری دادگا بەکاردێت.‏
  16. 129‏:7 ئەو کەسەیە کە لەدوای دروێنەکەران گوڵە گەنمەکان بە باوەش کۆدەکاتەوە.‏
  17. 132‏:6 ئەفراتە ناوی پێشتری شاری بێت‌لەحم بووە.‏
  18. 132‏:6 یاعەر، مەبەست قیریەت یەعاریمە دەکەوێتە نزیکەی دووری 14 کیلۆمەتر لە بێت‌شەمەش، بڕوانە یەکەم ساموئێل 6‏:17‏-21.‏‏
  19. 132‏:8 مەبەست سندوقی پەیمانە، بڕوانە دەرچوون 25‏:10‏-22 و یەکەم ساموئێل 4‏:11‏–6‏:21.‏‏
  20. 132‏:10 بە زمانی عیبری پێی دەگوترێ مەشیخ‏ یان مەشیح‏.‏
  21. 132‏:17 بە زمانی عیبری پێی دەگوترێ مەشیخ‏ یان مەشیح‏.‏
  22. 133‏:3 بەرزترین شاخە لە سوریا.‏
  23. 134‏:2 بڕوانە یەکەم تیمۆساوس 2‏:8‏‏
  24. 135‏:11 سیحۆن، یەکێک بوو لە پاشاکانی ئەمورییەکان، ویستی بەرەنگاری جولەکەکان بێتەوە و ڕێی پێنەدان بەناو خاکەکەیدا تێبپەڕن، کاتێک بەڕێوە بوون بەرەو خاکی کەنعان. جا خۆی و سوپاکەی تێکشکان. بڕوانە ژمارە 21‏:21‏-29.‏
  25. 135‏:11 عۆگ، پاشای باشان بوو، بە هەمان دەردی سیحۆن چوو. بڕوانە ژمارە 21‏:31‏-35.‏